پارتی: سەرکۆنەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان بۆ سەر هەرێم دەکەین
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و بە "تاوانی تیرۆریستی" ناوی برد. فراکسیۆنەکە هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەو هێرشانە بەبێ لێپرسینەوە، گورزێکی کوشندە لە شکۆی دەوڵەت دەدات و شەرعییەتی دامەزراوە ئەمنییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تاوانکارییانەی" کرد کە لەلایەن ژمارەیەک لە میلیشیا و گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانەوە کرانە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە نیشتەجێبووەکان و شوێنە گشتییەکانیان کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی مەدەنی و بێتاوان.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەم هێرشانە بە هەموو پێوەرێک کردارێکی تیرۆریستیی ئاشکران و بەزاندنێکی مەترسیداری دەستوور و پێشێلکردنی سەروەریی دەوڵەتن".
ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم رووداوانە جارێکی دیکە مەترسیی مانەوەی "چەکی بێکۆنترۆڵ" دەسەلمێننەوە، کە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتییان و سەقامگیریی وڵات.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردووەتەوە کە "بە ئامانجگرتنی شارەکان و ماڵە ئارامەکانی هەرێمی کوردستان، تاوانێکی قێزەونە و بەبێ سزادان و لێپرسینەوە تێناپەڕێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، فراکسیۆنەکە داوای هەڵوێستی جیددی لە حکوومەتی عێراق دەکات و رایگەیاندووە: "لە بەرانبەر ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکەین بە هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە کار بکات بۆ کۆتاییهێنان بەم گرووپە توندڕەو و لەیاسادەرچووانە".
هەروەها داوای ئاشکراکردن و دادگایی کردنی ئەو لایەنانە دەکات کە لە پشت ئەم هێرشانەوەن و دووپاتی دەکاتەوە کە نابێت رێگە بە هیچ هێزێکی چەکدار بدرێت لە دەرەوەی چوارچێوەی فەرمیی دەوڵەت کار بکات.
فراکسیۆنی پارتی هۆشداریی داوە کە "بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە بەبێ راگرتنێکی ڕاستەقینە، بە واتای لاوازکردنی مەترسیداری شکۆی دەوڵەت دێت و پرسیاری جیددی و گەورە لەسەر توانای حکوومەت دروست دەکات لە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان".
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان، هەمیشە بە درۆن هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.