تاران رەتی دەکاتەوە هیچ پەیامێکی بۆ واشنتن ناردبێت
بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە باس لە ناردنی پەیامی نهێنی دەکەن بۆ ئەمریکا و جەختی کردەوە کە هێزەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لە ئامادەباشیدان.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بە ئاژانسی "تەسنیم"ـی راگەیاند، ئێران هیچ پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا نەکردووە و نیازی وەڵامدانەوەی پەیامەکانی ئەوانیشی نییە، ئەو دەنگۆیانەشی رەت کردەوە کە باس لە ناردنی پەیامەکە دەکەن.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە، ئاماژەی بەوە دا، هێزە چەکدارەکانی ئێران خۆیان بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە".
پێشتر پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، بڵاوی کردبووەوە، کە ئێرانییەکان لە رۆژانی ڕابردوودا پەیامیان بۆ ئەمریکا ناردووە، بەڵام وەڵامیان وەرنەگرتووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.