وەزارەتی بەرگریی سعوودییە: سێ مووشەکی کرووزمان تێکشکاند

وەزارەتی بەرگریی سعوودییە رایگەیاند: کە هێرشێکی مووشەکییان پووچەڵ کردووەتەوە، هاوکات میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران باس لە تەقینەوەی گەورە لە بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لەو وڵاتە دەکەن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودییە، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، توانیویانە سێ مووشەکی جۆری "کرووز" لە دەرەوەی شاری "خەرج" دەستنیشان بکەن و تێکیان بشکێنن.

لە بەرانبەردا، ئاژانسی "تەسنیم" هەواڵی روودانی تەقینەوەی گەورەی لە بنکەیەکی دەریایی ئەمریکا لەناو خاکی سعوودییە بڵاو کردەوە.

ئاژانسە ئێرانییەکان بەبێ خستنەڕووی وردەکاریی زیاتر ئاماژەیان بەوە داوە کە "تەقینەوەی گەورە بنکەیەکی دەریایی ئەمریکای لە سعوودییە هەژاندووە".

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.