ئەنقەرە و واشنتن تاوتوێی مووشەکە ئاراستەکراوەکەی سەر تورکیا دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشهات و دۆخی ناوچەکە کرد، بە تایبەتی پرسی ئەو مووشەکەی کە ئاراستەی کایەی ئاسمانیی تورکیا کرابوو.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دا و تێیدا دوایین پێشهات و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە، لەو پەیوەندییەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە کراوە و جەخت لەسەر ئەو رووداوە کراوەتەوە کە تێیدا مووشەکێک ئاراستەی کایەی ئاسمانیی تورکیا کرابوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، مووشەکێکی بالیستی کە لە ئێرانەوە هەڵدرابوو و ئاراستەکەی بەرەو کایەی ئاسمانیی تورکیا بووە، لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ناتۆوە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پووچەڵ کراوەتەوە.

بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.