سوودانی: رێگە بە تێوەگلانی عێراق لە جەنگ نادەین

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، جەختی لەسەر پاراستنی عێراق لە هەر هەوڵێک بۆ راکێشانی وڵات بەرەو جەنگ کردەوە و فەرمانی دا بە لێپرسینەوەی توند لە هەر کەمتەرخەمییەکی ئەمنی، هاوکات بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەیی لە هەواڵگریی دەشتی نەینەوا دەرکرد.

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد. دەستبەجێ دوای گەیشتنی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کرد کە تێیدا وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، سکرتێری فەرماندەی گشتی و فەرماندەی دەزگا و پێکهاتە سەربازی و ئەمنییەکان ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، پوختەیەکی گشتگیر دەربارەی دۆخی ئەمنیی پارێزگا جیاوازەکان خرایە بەر باس، بە تایبەت لە سایەی پێشهاتە هەنووکەییەکانی ناوچەکە و دەرهاویشتەکانی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەر عێراق و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە لەسەر "چاوپۆشی نەکردن لەگەڵ هەر هەوڵێک کە ئامانجی تێوەگلانی عێراق بێت لە جەنگدا، یان هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵات بکات".

دووپاتیشی کردەوە، کە هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.

هەروەها سوودانی، لە گوتەیەکدا بۆ فەرماندە ئەمنییەکان رایگەیاند: "بەرپرسیارێتیی شەرعی و یاساییتان وا دەخوازێت بەرژەوەندیی عێراق بخەنە سەرووی هەموو شتێکەوە، پابەند بن بە سەپاندنی یاسا بە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی و رێگە بە هیچ لایەنێک نەدرێت وڵات بەرەو ململانێ و تێکدانی سەقامگیری ڕابکێشێت".

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەرمانی کرد بە "لێپرسینەوە لە هەر لایەن یان کارمەندێکی ئەمنی کە کەمتەرخەمییەکەی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا ساخ ببێتەوە لەم قۆناغە هەستیارەی عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت". جەختیشی لە پێویستیی خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات و بەرژەوەندییەکانی گەل.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.