تەندروستیی ئێران: لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 900 کەس کوژراون

وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کرد، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لە رۆژی شەممەوە، ژمارەی قوربانیان گەیشتووەتە نزیکەی هەزار کەس، کە بەشێکی بەرچاویان ژن و منداڵن.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: لەوەتەی رۆژی شەممەوە تا ئێستا، بەهۆی زنجیرە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، 926 هاووڵاتیی ئێرانی گیانیان لە دەست داوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بە وردەکاریی قوربانییەکان داوە و روونی کردووەتەوە، کە لەو ژمارەیە، 180 کەسیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوەن. هەروەها ئامارەکان دەریدەخەن کە 13%ـی کۆی گشتیی کوژراوەکان ئافرەت و منداڵن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.