ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگریی لە پڕۆژەبڕیاری راگرتنی جەنگ دەکات
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتە سەربازییەکەی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران دووپات کردەوە و پڕۆژەی راگرتنی جەنگەکەی رەت کردەوە.
زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (سێنات)، دەنگیان بە پەسەندکردنی ئەو هەڵمەتە سەربازییە دا کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە فەرمانی ئەنجامدانی دژی ئێران دەرکردبوو.
ئەنجوومەنەکە دەنگی دا بۆ شکستپێهێنان و رێگریکردن لە پڕۆژەبڕیارێک کە ئامانج لێی راگرتنی جەنگ بوو، کە تێیدا مەرجی ئەوە دانرابوو ئیدارەی ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی جەنگی دژی ئێران، دەبێت رەزامەندیی پێشوەختە لە کۆنگرێس وەربگرێت.
لەم بارەیەوە کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو: "گەلی ئەمریکا پشتیوانی لە بڕیاری چوونە ناو جەنگ دژی ئێران دەکات".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە چەندین ڕاپرسی دژایەتییەکی فراوانیان بۆ جەنگەکە دەرخستووە. لە ڕاپرسییەکدا کە تۆڕی "سی بی ئێس" بە هاوکاریی کۆمپانیای "یوگۆڤ ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە کە 54%ی ئەمریکییەکان دژی جەنگن ئەگەر بێت و بۆ ماوەی چەند مانگێک درێژە بکێشێت.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردەوە, کە ڕاوێژکارانی ترەمپ کار لەسەر کەمکردنەوەی ئەو لێکەوتە سیاسییانە دەکەن، کە بەهۆی پەیامە دژبەیەکەکان سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران دروست بوون.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.