تاران: بنکەکانی ئەمریکامان لە کوەیت و بەحرەین کردە ئامانج
گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە پێنجەمین روژی پێکدادانەکاندا، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین، هاوکات بارەگای پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێرانیشیان لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیا ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی شەپۆلی 17یەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4" کە بە کۆدی "یا رەسولەڵا" دەستی پێکرد، هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران زیاتر لە 40 موشەکی ئاراستەی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان کردووە و چەندین بنکە و دامەزراوەی سەربازیی تێکشکاندووە.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی سوپا و سوپای پاسداران توانیویانە 10 درۆنی جۆری (هێرمس) و (MQ9)ی ئەمریکی لە ئاسمانی ئێران بخەنە خوارەوە، جگە لە تیکشکاندنی سیستمێکی راداری پێشکەوتووی ئەمریکی- ئیسرائیلی لە جۆری (FPS-132).
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران لە چەندین ناوچەی جیاوازەوە هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کوەیت و بەحرەین. هەروەها ئاشکرای کرد کە یەکەکانی مووشەکی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، بە 3 موشەکی ورد، بنکە و بارەگای پارتە کوردییەکانی دژبەری ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک لەو هێزانە کوژراو و بریندار بوون.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئیبراهیم زولفەقاری دەستپێکردنی شەپۆلی 18یەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4"ی بە کۆدی "یا ئیمام حەسەنولموجتەبا" راگەیاند و هۆشداری دایە ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە، کە بەکارهێنانی بنکە مەدەنییەکان و وڵاتانی کەنداو وەک پەناگە بۆ هێزەکانی ئەمریکا، لەژێر چاودێری ئێراندایە و بەردەوامیی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی داڕمانی ژێرخانی سەربازی و ئابووری تەواوی ناوچەکە.
ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق 4" نوێترین زنجیرە هێرشی مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ سەر ئەو شوێنانەی کە وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی ناویان دەبات. ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە لێواری جەنگێکی فراواندایە و تاران چەندین جار هۆشداری داوەتە وڵاتانی دراوسێ کە رێگە نەدەن خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەکاربهێندرێت.