سووریا دەروازەی نەسیب لەگەڵ ئوردن داخست
دەستەی گشتیی دەروازە سنووری و گومرگییەکانی سووریا بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی نەسیبی لەگەڵ ئوردن رایگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 20266، دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، داخستنی دەروازەکە بەهۆی دۆخی ئێستا و گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی دەرعایە. هەروەها جەختیکردەوە، راگرتنی هاتوچۆ گەشتیاران و بارهەڵگرە بازرگانییەکان لە هەردوو لا دەگرێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و کارمەندانی دەروازەکە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دەستەکە بەردەوام چاودێریی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان دەکات و رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هەمووان دەگرێتەبەر، بەبێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی دەروازەکە و دەستپێکردنەوەی هاتوچۆ رابگەیەنێت.
بڕیارەکە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردن بۆردومانی چەند پێگەیەکیان لە دەوروبەری دەرعا کرد. بەگوێرەی وتەی دەزگا تەندروستییەکانی سووریا، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە پێنج مەدەنی کوژران، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئوردن رایگەیاندبوو، هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئەو پێگانە بووە کە ناوی لێناون مۆڵگەی گرووپە چەکدارەکان لە باشووری سووریا. ئەمەش وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ هێرشەکەی هەینیی رابردوو بۆ سەر کڵێسایەک لە پارێزگای کەرەکی ئوردن، کە بەهۆیەوە نۆ کەس کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
لایەنی ئوردنی جەختی کردەوە، هێرشەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدراون. لە بەرامبەردا حکوومەتی سووریا هەبوونی هەر جۆرە هەماهەنگییەکی پێشوەختەی رەتکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی بۆردومانەکە دەکەن و پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ عەمان دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی.
دەروازەی نەسیب، کە لە دیوی ئوردن بەرامبەر بە دەروازەی جابیرە، یەکێکە لە گرنگترین دەروازە وشکانییەکانی سووریا. ئەم دەروازەیە وەک شادەمارێکی سەرەکی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و بارهەڵگرەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان سووریا و ئوردن هەژمار دەکرێت، هەروەها رۆڵێکی گرنگی هەیە لە تێپەڕبوونی کاڵاکان بۆ بازاڕەکانی دیکەی ناوچەکە.