ئێران ئامادەکاری بۆ دیاریکردنی رێبەری نوێ دەکات

میدیا فەرمییەکانی ئێران رایدەگەیەنن، لە چوارچێوەی رێکارە دەستوورییەکان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵاتی باڵای وڵات، چوارەمین کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی، بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان بەڕێوەچوو و بڕیاری پێویست بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایان درا.

میدیا فەرمییەکانی ئێران، بڵاویان کردەوە، چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتیی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە گرێ درا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لە بارەی رێکارە یاسایی و ئایینییەکان کراوە و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی، سەرجەم ئامادەکارییە پێویستەکانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری" تەواو کردووە، کە ئەرکی سەرەکییان هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی ئێرانی، بڵاوی کردەوە، کە رێکارەکانی هەڵبژاردنی رێبەری باڵای ئیسلامی گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و ئەگەری هەیە بەمزووانە ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران و چەندین سەرکردەیەکی دیکە. گیانیان لە دەست دا.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.