سعوودییە سێ مووشەکی ئاراستەکراو بۆ بنکەی میر سوڵتان دەخاتە خوارەوە
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ئاشکرای کرد، سیستەمە بەرگرییەکانیان سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی سێ مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی "میر سوڵتان" کرابوون، بێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 6ـی ئاداری 2026، بە پێی زانیاریی ئاژانسی هەواڵی سعوودییە لە زاری گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە: "سێ مووشەکی بالیستی کە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی میر سوڵتان کرابوون، دەستنیشان کران و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکێنران و لەناو بران."
وەزارەتەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی سەرچاوەی مووشەکەکان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام جەختی لە ئامادەیی هێزەکانیان کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.