پزیشکیان: پابەندین بە ئاشتی، بەڵام لە بەرگریکردن سڵ ناکەینەوە
سەرۆک کۆماری ئێران، سەبارەت بە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، بەڵام لە پاراستنی کەرامەت و سەروەریی نیشتمانیدا دوودڵ نابێت.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ( ئێکس ) بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، هەندێک وڵات دەستیان بە هەوڵەکانی ناوەندگیریکردن کردووە، لەو بارەیەوە گوتی: "پەیامی ئێمە روونە، ئێمە پابەندین بە ئاشتییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، بەڵام لە بەرگریکردن لە کەرامەت و سەروەریی وڵاتەکەماندا هیچ دوودڵییەکمان نییە."
سەرۆک کۆماری ئێران مەرجێکی بۆ سەرکەوتنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان داناوە و رایگەیاند: "پێویستە نێوەندگیرەکان روویان لەو لایەنانە بێت کە گەلی ئێرانیان بە کەم سەیر کرد و ئەم ململانێیەیان هەڵگیرساند."
ئەم لێدوانانەی پزیشکیان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەدەست ئاڵۆزییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت و هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕ بەردەوامن.