ئیسرائیل: زیاتر لە 400 ژێرخانی سەربازی و ئامانجی ستراتیژیی ئێرانمان بۆردوومان کردووە
سوپای ئیسرائیل وردەکاریی زنجیرە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر رۆژئاوای ئێران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 400 ژێرخانی سەربازی و ئامانجی ستراتیژیی ئێرانیان بۆردوومان کردووە، لەنێویاندا سەکۆی مووشەکە بالیستییەکان و کۆگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
هەینی 6ی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران دەستپێکردووە و هێرشەکان بە چڕی بەردەوامن.
سوپا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ، ژمارەیەکی زۆر مووشەکیان ئاراستەی زیاتر لە 400 ئامانجی جیاوازی سەر بە ئێران کردووە لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە. ئامانجەکان بریتی بوون لە سەکۆی هەڵدانی مووشەکی بالیستی و کۆگاکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە کراوە؛ فڕۆکەکانی ئیسرائیل توانیویانە کامیۆنێک دەستنیشان بکەن کە سیستەمێکی بەرگریی ئێرانی هەڵگرتبوو و لە ناوچەی شاهرودەوە هەوڵی دەدا سیستەمەکە بۆ ناوچەیەکی دیکە بگوازێتەوە. دوای چاودێریکردن و دەستنیشانکردنی، فڕۆکە جەنگییەکان کامیۆنەکەیان کردووەتە ئامانج و سیستەمە بەرگرییەکەیان بە تەواوی تێکشکاندووە.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە بەردەوامانە، کەمکردنەوەی توانای سەربازیی ئێرانە بە زۆرترین رێژە، بەتایبەتی ئەو توانایانەی کە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل بەکاردەهێنرێن.