هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێرشێکی مووشەکییان لە بەغدا پووچەڵ کردەوە
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، رایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا بگرن کە مووشەکی لێوە ئاراستە کراوە و رێگرییان لە ئەنجامدانی هێرشەکە گرتووە.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، رایگەیاند، کاتژمێر 8:20ـی خولەکی ئەمشەو، لە ناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری (کیا) لە شارۆچکە ئەبو غرێب لە رۆژئاوای بەغدا، چەند مووشەکێک ئاراستە کران، مووشەکەکان لە ناوچە چۆڵەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێ نەکەوتووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا توانیویانە ئۆتۆمبێلەکە بدۆزنەوە و دەست بەسەر ئەو مووشەکانەشدا بگرن کە هێشتا لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا مابوون و ئاراستە نەکرابوون، دواتر لەلایەن تیمە تەکنیکییە پسپۆڕەکانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە و ورد لە رووداوەکە دەستیپێکردووە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و وردەکارییەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکرێنەوە.