سێنتکۆم: 43 کەشتیی جەنگیی ئێرانمان کردووەتە ئامانج

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئاشکرای دەکات کە گورزێکی کەمەرشکێنیان لە هێزی دەریایی و ژێرخانی سەربازیی ئێران وەشاندووە. 

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، نوێترین زانیاریی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران بڵاو کردەوە و رایگەیاند، تا ئێستا 43 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هێزەکانمان زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجام داوە و تیایدا زیاتر لە 3 هەزار ئامانجی جیاوازیان لە ناوخۆی ئێراندا پێکاوە."

فەرماندەییەکە روونی کردووەتەوە، وێڕای لەنێوبردنی بەشێکی زۆر لە کەشتییەکانی ئێران، بەشێکی دیکەشیان زیانێکی زۆر گەورەیان بەر کەوتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.