کۆشکی سپی: خەریکی دیاریکردنی سەرکردایەتییەکی نوێین بۆ ئێران
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" گەیشتووەتە قۆناغی یەکلاکەرەوە و تەنیا 4 بۆ 6 هەفتەی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی تەواوەتی؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی کوژرانی زیاتر لە 50 سەرکردەی باڵای تاران، ئێران لە دۆخی خۆبەدەستەوەدانی بێمەرجدایە و ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی چەند ناوێکە بۆ سەرکردایەتیکردنی داهاتووی ئەو وڵاتە.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، کارۆلاین لیڤت، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی نوێدا ستراتیژیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی ئێران ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە لێواری کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ئاسمانی ئێراندان و خشتەیەکی زەمەنیشی بۆ کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دیاری کرد.
سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: تەنیا 4 بۆ 6 هەفتەمان ماوە بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناو خاکی ئێراندا.
سەبارەت بە ئامادەکارییە لۆجستییەکان، لیڤت ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک ترەمپ بە ئامادەبوونی پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری، لەگەڵ گەورە بەڵێندەرانی بواری بەرگری کۆبووەتەوە بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ناوخۆیی و دڵنیایی دا کە واشنتن خاوەنی جبەخانەیەکی یەکجار مەزنە و کۆگای چەک و تەقەمەنییەکانیان بەشی تەواوی پێویستییەکانی ئۆپەراسیۆنی ئێران و قۆناغەکانی دواتریش دەکات.
لە گۆڕانکارییەکی سیاسیی گرنگدا، لیڤت ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا لە ئێستاوە خەریکی داڕشتنی نەخشەی سیاسیی داهاتووی تارانە و چەندین کەسایەتییان لەبەرچاوە بۆ ئەوەی کاندیدیان بکەن بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران لە قۆناغی دوای جەنگ. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بە گوتەی لیڤت، هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 50 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتووە، بە جۆرێک کە ئێران لە دۆخی خۆبەدەستەوەدانی بێ مەرج دایە و کەسی نەماوە بە فەرمی قسە بکات.
سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ هاوکاری هەواڵگریی تاران، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەو زانیارییانە هیچ نرخێکیان نییە و هیچ جیاوازییەک لە بەرەی جەنگدا دروست ناکەن، چونکە هێزە ئاسمانییەکانیان لە قۆناغی کۆتایی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی ئەو وڵاتەدان و پڕۆسەی تێکشکاندنی سەربازیی ئێران بە شێوەیەکی زۆر خێرا و گشتگیر بەردەوامە.