سعوودیە: تا ئێستا 20 درۆنی ئێرانیمان تێکشاندووە کە ئاراستەی کێڵگەی نەوتی شەیبە کرابوون

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان لە ناوچەی بیابانی روبعولخالی پێش ئەوەی بگەنە کێڵگەی نەوتی شەیبە خستووەتە خوارەوە.

تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە لێدوانێکدا راگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان توانیویانە چوار درۆن لە ناوچەی روبعولخالی تێکبشکێنن کە بەرەو کێڵگەی نەوتی شەیبە ئاراستە کرابوون. 

تورکی مالیکی، پێشتریش رایگەیاندبوو، سیستەمی بەرگریی سعوودیە لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا رووبەڕووی هێرشەکان بووەتەوە؛ لەوانە تێکشکاندنی شەش درۆن لە هەمان ناوچەدا، هەروەها بەرپەرچی هێرشێکی گەورەتری بۆ سەر هەمان کێڵگە داوەتەوە کە تێیدا 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە روبعولخالی تێکشکێنراون.

کێڵگەی نەوتی شەیبە یەکێکە لە کێڵگە ستراتیژییەکانی سعوودیە، کە بە دووریی نزیکەی 800 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی لە شاری زەهران، توانای بەرهەمهێنانی ئەم کێڵگەیە دەگاتە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێکدا.

لە لایەکی دیکەوە، و هەر لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەی کە لە دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان و جەنگ لە ئێرانەوە دەکرێنە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، پاڵاوگەی "رەئس تەنورە" لە رۆژهەڵاتی سعوودیە بە دوو درۆنی ئێرانی کرایە ئامانج. 

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە جەختی لەوە کردەوە، هێزەکانی بەرگری بە سەرکەوتوویی درۆنەکانیان تێکشکاندووە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە، تەنیا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچەی درۆنەکانەوە، ئاگر لە ناو پاڵاوگەکەدا کەوتەوە کە دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵ کرا.