عێراق و میسر: دەبێت هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە چڕ بکرێنەوە
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی کارکردنی هاوبەش بۆ راگرتنی شەڕ و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
شەممە، 7ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە بەدر عەبدولعاتی، هاوتا میسرییەکەیەوە پێ گەیشتووە.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا باس لە پێشهاتە ئەمنییەکان و لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر وڵاتانی ناوچەکە کرا. هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بابەتانە کرا کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی وەزاریی کۆمکاری عەرەبی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لەگەڵ باسکردنی هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بەردەوامیی جەنگەکە.
هاوکات هەردوولا باسیان لە ئامانجەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەڵوێستی تاران سەبارەت بە راگرتنی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کردووە.
لە کۆتاییدا هەردوو وەزیر هاوڕا بوون لەسەر"گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و کردەوەی هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئاگربەست کردووەتەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.