تەندروستیی لوبنان: نزیکەی 300 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لە دەست داوە
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری زیانە گیانییەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە لە 2ـی ئادارەوە، ژمارەی کوژراوان بۆ نزیکەی 300 کەس بەرزبووەتەوە و زیاتر لە هەزار کەسیش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، لە راگەیەنراوێکدا وردەکاریی نوێی لەبارەی زیانەکانەوە ئاشکرا کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، لە ئەنجامی بۆردومان و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل کە لە 2ـی ئازاری ئەمساڵەوە بۆ سەر لوبنان دەستی پێکردووە، 294 کەس کوژراون و هەزار و 23ـی دیکەش بریندار بوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکەدا روو لە زیادبوونن.
دوای چەند رۆژێک لە دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، حزبوڵڵای لوبنانیش هاتە نێو جەنگەکە و چەندین مووشەک و درۆنی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد، لە بەرانبەردا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دەستیان بە هێرشی چڕ بۆ سەر باشووری بەیرووت کرد.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.