قالیباف: بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، تاکە بەربەستە لە بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، کە بەدەستهێنانی سەقامگیریی راستەقینە بۆ وڵاتانی ناوچەکە مەحاڵە تا ئەو کاتەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بوونیان هەبێت و ئەو بنکانەی بە هۆکاری سەرەکیی ئاڵۆزییەکان وەسف کرد.
شەممە، 7ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە پەیوەستە بە کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی ئەمریکا تێیدا".
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، کە "وڵاتان هەرگیز چێژ لە سەقامگیری و ئاسایشی راستەقینە وەرناگرن تا ئەو کاتەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا مابن".
سەرۆکی پەرلەمان روونیشی کردەوە، کە ئەم بوونە سەربازییە بێگانەیە، بەربەستی سەرەکی و بنەڕەتییە لەبەردەم بەدیهێنانی ئاشتیی هەرێمایەتی و پێکەوەژیانی وڵاتان.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.