ئیسرائیل شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین پێگەی سەربازی و ژێرخانی ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە. هاوکات بنیامین نەتانیاهۆش دەڵێت: "نزیکبووینەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئاسمانی ئێران."

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان چەندین ناوچەی جیاوازی ئێرانیان گرتووەتەوە و ئامانج لێیان پەکخستنی تواناکانی رژێمی ئێرانە لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە بەردەوامی هەیە.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن، کە شەوی رابردوو بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەنگاوێکی گەورەیان بەرەو کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئاسمانی ئێران ناوە. نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە وردی لە قەبارەی ئەو مەترسییانە ئاگادار کراوەتەوە کە ئێران بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستی کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەیانی ئەمڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئیسرائیل، لەوانەش شارەکانی حەیفا و بێرشەبا و ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا لێدرا. سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە کە ئێران بە دوو شەپۆل موشەکی بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستە کردووە، بەڵام سیستەمی بەرگری ئاسمانی توانیویەتی زۆربەیان تێکبشکێنێت.