حزبوڵڵا شاری نەهاریا و بنکەی دەریایی حەیفای لە ئیسرائیل بۆردومانکرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، حزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئیسرائیل کە ناوچە جیاجیاکانی لوبنانی کردووەتە ئامانج، شاری نەهاریا و بنکەی دەریایی حەیفای لە ئیسرائیل بۆردومان کردووە.

حزبوڵڵا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "بەدرۆن هێرشمان کردە سەر شارۆچکەی نەهاریا لە باکووری ئیسرائیل، ئەمەش دووەم جارە لە چەند کاتژمێری رابردوودا ئەو ناوچەیە دەکرێتە ئامانج."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوکات بە مووشەکی پێشکەوتوو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی دەریایی حەیفا لە شاری حەیفا.

حزبوڵڵا روونیشیکردووەتەوە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ ئەو بۆردومانانەی ئیسرائیل کە دەیان شار و شارۆچکەی لوبنانی کردووەتە ئامانج.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لە بەرەی لوبنان و ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.