ئەردۆغان: ئێران دۆستایەتیی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە
سەرۆککۆماری تورکیا، ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ناتۆ مووشەکێکی ئێرانییان تێکشکاندووە کە ئاراستەی خاکی وڵاتەکەی کرابوو. ئەردۆغان وێڕای جەختکردنەوە لە چاودێریی 24 کاتژمێریی ئاسمانی تورکیا، هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند کە پێداگری لەسەر هەنگاوە ئیفزازکەرەکان دۆستایەتی هەردوولا دەخاتە مەترسییەوە، هاوکات ستایشی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دوورکەوتنەوە شەڕی ناوچەیی.
دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا سەبارەت بە پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، رایگەیاند، هەوڵ و سیاسەتی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دوورکەوتنەوە و بەشداریی نەکردنیان لە شەڕی ناوچەیی بەرز دەنرخێنین.
دەشڵێت: وڵاتەکەی بە یارمەتی فڕۆکەی ئێف-16 و فڕۆکەکانی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، 24 کاتژمێر چاودێریی ئاسمانی وڵاتەکەی دەکات لە دژی هەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو.
ئەردۆغان رووداوێکی مەترسیداری لە نێوان تاران و ئەنقەرە ئاشکرا کرد و گوتی: لە 4ـی ئاداردا، مووشەکێک لە ئێرانەوە هەڵدرا و دوای بڕینی ئاسمانی عێراق و سووریا، دەرکەوت کە بەرەو وڵاتەکەمان ئاراستە کراوە، بەڵام لەلایەن ناتۆوە تێکشکێندرا و بێکاریگەر کرا. دوابەدوای ئەوەش، هۆشداری پێویست درایە دەسەڵاتدارانی ئێران.
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی توندی لە ئێران گرت لە بەردەوامیی ئەو جۆرە هەڕەشانە و رایگەیاند، سەرەڕای هۆشدارییە دڵسۆزانەکانمان، هێشتا هەنگاوی زۆر هەڵە و ئیفزازکەرانە دەنرێن کە دۆستایەتیی تورکیا دەخەنە مەترسییەوە. نابێت لەسەر هەڵەکان پێداگری بکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی دیکەی، بەوردی چاودێری پێشهاتەکان دەکات و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی زیاتر بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.