پوتن: ئامادەین لە رووی وزەوە هاوکاری ئەوروپا بکەین

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەگەری هەیە پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەتەواوی بوەستێت، داواشی لە کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی کرد کە ئەم هەلە بقۆزنەوە و سوود لە پەککەوتنی ئەو رێڕەوە ستراتیژییە وەربگرن.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، لە میانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە کۆشکی کرێملین، کە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی بازاڕی وزەی جیهان رێکخرابوو، گوتی،" ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییەکی وێرانکەریان لەسەر ئابووری نێودەوڵەتی دەبێت، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەوروپییەکان دەربڕی.

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشکرد: "رووسیا چەندین جار هۆشداریی دابوو کە هەوڵەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز"، گوتیشی،" پچڕانی هەناردەی وزە زیانێکی گەورە بە سیستەمی پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت".

پوتن ئاشکرای کرد، بەهۆی پێکدادانەکانەوە، هەناردەی گازی شل (LNG) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی زیاتر لە چەند مانگێکی دەوێت"، گوتیشی، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و پەککەوتنی بەرهەمهێنانی کاڵا پیشەسازییەکان لە جیهاندا".

سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی خەریکی زیادکردنی هەناردەی وزەیە بۆ ئەو هاوبەشانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان جێگای متمانەی رووسیان، داواشی لە کۆمپانیاکانی وزەی رووسیا کرد سوود لە بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی نەوت وەربگرن و داهاتەکانیان بۆ دانەوەی قەرزە بانکییەکانیان بەکاربهێنن.

سەبارەت بە قەیرانی وزە لە ئەوروپا، پوتن گوتی: "رووسیا ئامادەیە لەگەڵ ئەوروپییەکان کار بکات بۆ دابینکردنی نەوت و گاز"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کیشوەری ئەوروپا بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەژێر گوشاری بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخی وزەدایە.

ئەم هۆشدارییانەی رووسیا لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە گەیشتووەتە لوتکە، مەترسییەکان لەسەر داخستنی گەرووی هورمز زیاد بووە، کە نزیکەی 20%ـی نەوتی جیهانی پێیدا تێپەڕ دەبێت.

لە ئێستادا نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا ریکۆردی نوێی تۆمارکردووە و بەرمیلێک نەوت 110 دۆلاری تێپەڕاندووە، شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە ئەگەر هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بوەستێت، جیهان رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووریی توند دەبێتەوە.