سێنتکۆم: ئێران لە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلەوە هێرشەکانی ئەنجام دەدات
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی ئێران ناوچە نیشتەجێبوونەکان بۆ هێرشی مووشەکی و درۆن بەکاردەهێنێت، ئەو شوێنانە دەبنە ئامانجی ڕەوای سەربازی و ژیانی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) هۆشدارییەکی سەبارەت بە سەلامەتیی هاووڵاتییان لە ئێران بڵاو کردەوە و ئاماژەی داوە، ئێران ناوچە قەرەباڵغ و پڕ لە دانیشتووەکان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەکار دەهێنێت، لە وانەش هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەکی بالیستیکی. ئەم بڕیارە مەترسیدارەی تاران ژیانی هەموو مەدەنییەکانی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، چونکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر شوێنێک بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێنرێت، پارێزبەندیی مەدەنی لەدەست دەدات و دەبێتە ئامانجێکی ڕەوای سەربازی.
سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئێران ناوچە قەرەباڵغەکانی نێو شارە گەورەکانی وەک دزفول، ئەسفەهان و شیراز بەکاردەهێنن بۆ هەڵدانی درۆن و مووشەکەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، هێزەکانی ئەمەریکا بە توندی داوا لە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ئێران دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێران بە ئەنقەست ژیانی بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە، نەک تەنیا لە ناوخۆ، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهۆی بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانە مەدەنییەکان، هۆتێلەکان و گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان.
براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لەو بارەوە ڕایگەیاند: ئێران بە هێرشکردنە سەر هاوبەشەکانمان لە کەنداو و لە هەمان کاتدا خستنە مەترسیی گیانی گەلەکەی خۆی، بێبەهایی خۆی بەرانبەر ژیانی مەدەنییەکان دەسەلمێنێت.
سەبارەت بە ئاماری هێرشەکان، سێنتکۆم ڕوونی کردووەتەوە کە لە 28ی شوباتەوە، ئێران سەدان مووشەکی بالیستیکی و هەزاران درۆنی هەڵداوە، بەڵام بەهۆی وەڵامدانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێران، ڕێژەی هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
سوپای ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە کە ئەوان هەموو ڕێکارێک دەگرنەبەر بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی لە ڕیزەکانی مەدەنییەکان، بەڵام ناتوانن گرەنتی سەلامەتی ئەو کەسانە بکەن کە لە نزیک ئەو دامەزراوانەن کە ئێران بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریان دەهێنێت. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە بە پێچەوانەی ئێرانەوە، هێزەکانی ئەمەریکا بە ئەنقەست مەدەنییەکان ناکەنە ئامانج.