ستارمەر و ترەمپ هەماهەنگییە سەربازییەکانیان دژی ئێران تاوتوێ کرد

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەرەپێدانی هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیاوە بۆ بەرگریی بەکۆمەڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، سەرۆکوەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا و تێیدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەماهەنگییە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

لەو پەیوەندییەدا هەر دوو سەرۆک جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان لەندەن و واشنتن کردەوە لە رێگەی بەکارهێنانی بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیا (RAF) بۆ پشتگیریکردن لە بەرگریی بەکۆمەڵی هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرەخۆشیی قووڵی خۆی ئاراستەی سەرۆک ترەمپ و گەلی ئەمریکا کرد بۆ گیانلەدەستدانی شەش سەربازی ئەمریکی لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا و هەردوولا ڕێککەوتن کە لە ماوەیەکی نزیکدا جارێکی دیکە بۆ هەمان مەبەست گفتوگۆ بکەنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکیدا رەخنە لە حکوومەتی بەریتانیا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە گرت و رایگەیاندبوو ئەمەریکا نیازی وایە دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگرت بنێریتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ناردنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا بێسوودە، چونکە ئەمریکا جەنگەکەی بردووەتەوە.