ماکرۆن بۆ پزیشکیان: دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن و گەرووی هورمز بکەنەوە

سەرۆکی فەرەنسا وردەکاریی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران بڵاو کردەوە و رایگەیاند، هۆشداریی داوەتە تاران کە دەبێت کۆتایی بە داخستنی گەرووی هورمز بهێنێت و هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت.

یەکشەممە 8ی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، گفتوگۆیەکی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ئەنجام داوە.

ماکرۆن لە پۆستەکەیدا دەڵێت: بە سەرۆکی ئێرانم راگەیاند کە سەلامەتی و گەڕانەوەی (سیسیل کۆلەر و جاک پاریس) بۆ فەرەنسا، کە ئێستا لەنێو باڵیۆزخانەی فەرەنسان، لای ئێمە ئەولەوییەتێکی رەهایە.

سەرۆکی فەرەنسا جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی کە ئێران دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت." هەروەها داوای لێکردوون کە ئازادیی دەریاوانی مسۆگەر بکەن و کۆتایی بە داخستنی دیفاکتۆی گەرووی هورمز بهێنن.

ماکرۆن نیگەرانیی قووڵی پاریسی دووپات کردووەتەوە بەرانبەر بە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی بالیستیکیی ئێران، هەروەها ئەو چالاکییانەی دەبنە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، کە بە هۆکاری قەیرانەکانی ئێستا وەسفی کردوون.

ماکرۆن نووسیویەتی: چارەسەری دیپلۆماسی زیاتر لە هەر کاتێک پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم ئاڵنگارییە چارەنووسسازانە، کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و پاراستنی ئاشتی.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش داوە کە لەگەڵ سەرۆکی ئێران رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە پەیوەندیدا بمێننەوە.