قالیباف: سیستەمی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبەردەم مووشەکەکانماندا ئیفلیج بوون
" خاکی هەر وڵاتێک بۆ هێرشکردنەسەرمان بەکار بهێنرێت، دەیکەینە ئامانج"
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی رووبەڕووی تەواوی هاوپەیمانیی ناتۆ بووەتەوە نەک تەنیا دوو وڵات. هاوکات هۆشداری دا کە هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی ئێران، بە وێرانکردنی ژێرخانی دوژمن وەڵام دەدرێتەوە و جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا بەهۆی مەترسیی مووشەک و درۆنەکانی ئێرانەوە ناچار بە پاشەکشە کراوە.
یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، وردەکاریی نوێی لەبارەی ستراتیژیی بەرگری و هێرشبەریی وڵاتەکەی خستە روو و پەیامی توندی ئاراستەی واشنتن و تەلەڤیڤ کرد.
قالیباف جەختی کردەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، رێوشوێنی پێویستی گرتبووە بەر و خۆی بۆ سیناریۆ جیاوازەکان ئامادە کردبوو.
هاوکات گوتی: "ئێمە بەر لەوەی هێرشمان بکرێتە سەر، خۆمان بۆ بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوە ئامادە کردبوو، ئەو ئامانجانەی پێشتر دیاریمان کردبوون، وەک خۆیان و بەپێی پلانەکان پێکاومانن".
سەبارەت بە خوێندنەوەی بەرەی بەرانبەر بۆ جەنگەکە، قالیباف ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی هەڵەی کوشندە بوون. "ترەمپ و ناتانیاهۆ پێیان وابوو ئەگەر بە هاوبەشی لە ئاسمانەوە هێرش بکەن و رێبەری ئێمە شەهید بکەن، ئەوا جەنگەکە لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا کۆتایی دێت، بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاو بوو، خەڵکی ئێران سەلماندیان کە لە پشت وڵاتەکەیان دەمێننەوە".
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی راشکاوانەی دا سەبارەت بە فراوانبوونی بازنەی بەئامانجگرتنەکان و رایگەیاند: "دوژمن لە دوێنێوە دەستی بە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وڵاتەکەمان کردووە، لێرەوە رایدەگەیەنین ئەگەر ئەوان جەنگی وێرانکردنی ژێرخان دەست پێبکەن، ئێمەش بەبێ هیچ دوودڵییەک ژێرخانی ئەوان دەکەینە ئامانج و سزایان دەدەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قالیباف باسی لە باڵادەستیی تەکنەلۆژیای مووشەکیی ئێران کرد و گوتی: "ئەوەی دەبینرێت تەنا ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل نییە، بەڵکو ئێمە لەگەڵ تەواوی ناتۆ لە جەنگداین، چونکە ئەمریکا هەموو چەکەکانی ناتۆی هێناوەتە ناوچەکە".
ئاماژەی بەوەش دا: "رادار و سیستەمە بەرگرییەکانیان لە ئاست مووشەکەکانمان تووشی سەرلێشێوان بوون و ناتوانن رێگرییان لێ بکەن. هەروەها هێزی دەریایی ئەمریکا بەهۆی ترس لە مووشەک و درۆنەکانمانەوە، مەودایەکی زۆر لە ئێمە دوورکەوتووەتەوە و نەیانتوانیوە پلانەکانیان جێبەجێ بکەن".
سەبارەت بە پەیوەندییە هەرێمییەکان، قالیباف روونی کردەوە کە پەیوەندیی تاران لەگەڵ دراوسێکانی دۆستانەیە و دۆستانەش دەمێنێتەوە، بەڵام هێڵی سووری دیاری کرد، "ئەگەر هەر وڵاتێک خاکەکەی بخاتە خزمەتی دوژمن بۆ لێدان لە ئێمە، ئەوا بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین کە بنکەکانی دوژمن لەو وڵاتانە بکەینە ئامانج".
قالیباف جەختی کردەوە کە ئێران خوازیاری جەنگ نەبووە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم دۆخەیان سەپاندووە، بۆیە ئێران بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو، بە تایبەت "ئەزموونی جەنگی 12 رۆژە، ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆیی 3، درێژە بە بەرگری و هێرشەکانی دەدات.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.