وەزیری وزەی ئەمریکا: نرخی وزە دادەبەزێت

وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند خەریکی جێبەجێکردنی پلانێکن کە نرخی وزە لە جیهاندا دادەبەزێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی ئاداری 2026، کریس رایت وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند: پلانی وڵاتەکەی ئەوەیە هەموو ئەو پێگانە لەناو ببات کە ئێران دەتوانێت لێیانەوە هەرەشە لە کەشتیەکانی گەرووی هورمز بکات.

جەختیش دەکاتەوە لەگەڵ تەواوبوونی پلانەکە نرخی سەرچاوەکانی وزە دادەبەزێت، چوونکە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم هاتوچۆی کەشتییەکاندا نامێنێت.

وەزیری وزەی ئەمریکا گوتیشی: بەمزووانە ئەو کەشتیانەی گیریان خواردووە دەست بە جوڵە دەکەن و کەشتییەکی گەورەی نەوت لە 24 کاتژمێری رابردوو گەرووی هورمزی تێپەڕاند.

هەروەها باسی لەوە کرد، ئەو چەکانەمان تێکشکاندوون کە ئێران بۆ گورز وەشاندن لە کەشتییەکان بەکاریدەهێنا.

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژنامەی "گاردیان"ـی بەریتانی بڵاوی کردەوە، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەی دابینکردن و رەوتی نەوتی خاو لە گەرووی هورمز نەدۆزرێتەوە، ئەوا لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا نرخی نەوت بەربەستی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێدەپەڕێنێت.

هاوکات، دامەزراوەی دارایی "گۆڵدمان ساکس" هۆشداری داوە کە نرخی نەوتی جیهانی لە ماوەی چەند رۆژێکدا 100 دۆلار تێدەپەڕێنێت و ئەگەری هەیە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە 150 دۆلار، ئەگەر بێتوو چارەسەرێک بۆ ئەو پشێوییە توندە نەدۆزرێتەوە کە بەرۆکی رەوتی نەوتی خاوی گرتووە لە گەرووی هورمزدا.

"گۆڵدمان ساکس" پێشبینی دەکرد رەوتی نەوتی خاو لە گەرووی هورمز بۆ 15%ـی ئاستی ئاسایی دابەزێت، بەڵام بەهۆی گەمارۆی کاریگەری ئێران بۆ سەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی بەم رێڕەوە تەسکەدا تێدەپەڕن، تەنا 10%ـی ئەو بارە نەوتانەی کە بەشێوەی ئاسایی تێدەپەڕین، توانیویانە بە سەلامەتی تێپەڕن.

رۆژی هەینی رابردوو نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەهێزی بەخۆیەوە بینی و گرێبەستەکانی نەوتی خاوی "برێنت" بۆ یەکەمجار لە نیسانی 2024ـەوە گەیشتە ئاستی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.