سەرۆکی ئیمارات و ترەمپ تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان کرد

سەرۆکی ئیمارات و ترەمپ بە تەلەفۆن تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن.

یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2026، شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات، ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامدا.

لە میانی پەیوەندییەکەدا، هەردوولا باسیان لەو گۆڕانکارییانە کرد کە ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت و هەروەها تاوتوێی لێکەوتەکانی  لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی کرایەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، تیشک خرایە سەر بەردەوامی هێرشە ئاشکراکانی ئێران کە دەوڵەتی ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکەی "برا" لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج؛ کە ئەمەش وەک پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی ئەو وڵاتانە و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە وەسف کرا.