لاریجانی: هەڵبژاردنی رێبەری نوێ شکستی بە هەوڵی نەیاران هێنا

عەلی لاریجانی
عەلی لاریجانی

عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، پیرۆزبایی هەڵبژاردنی سێیەمین رێبەری باڵای نوێی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت "ئەنجوومەنی شارەزایان بە هەڵبژاردنی رێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی ئێران شکستی بە هەوڵی نەیاران هێنا".

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، کە عەلی لاریجانی دوای راگەیاندنی هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئێران، رایگەیاند "پێویستە سوپاسی ئەنجوومەنی شارەزایان بکەین کە سەرەڕای ئەم بارودۆخە تایبەتەی هەیە و سەرەڕای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ بۆمببارانکردن، بەڵام ئەنجوومەنی شارەزایان کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی رێبەری باڵای نوێی بەڕێوەبرد. 

هەروەها دەڵێت "خاڵی دیکەی گرنگ لە هەڵبژاردنی رێبەری نوێ ئەوەیە، سەرەڕای هەموو هەڕەشەکانی دوژمنان کە پێیانوابوو بە کوشتنی ئیمام خامنەیی کۆماری ئیسلامی بە کۆتا دێت، بەڵام ئەنجوومەنی شارەزایان لە کاتی گونجاودا گەیشت و لە نێوان کەسایەتییە دیارەکاندا، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی هەڵبژارد. بۆیە سەرەڕای ئەم دۆخە دروستکراوەی هەیە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایان هەوڵی نەیارانی شکست پێ هێنا.

کەمێک لەمەوبەر ئەنجوومەنی شارەزایان رایگەیاند، بە گوێرەی مادەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەییان بە سێیەم رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران هەڵبژارد و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کرد، کە بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.

هەڵبژاردنی سێیەمین رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەڵبژاردنی رێبەری نوێی ئێران دەبێت رەزامەندی ئەوی لەسەر بێت.