هێزە چەکدارەکانی ئێران بەیعەتیان بە رێبەری نوێدا
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەیی ناوەندی خاتەمی ئەنبیا بەیعەتیان بە رێبەری باڵای نوێی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دا و رایانگەیاند، بەیعەت بە جێنشینی ئیمامی زمان دەدەن.
دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووە "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرجەم فەرماندە و جەنگاوەران لەگەڵ بنەماڵەی هێزە چەکدارەکان وێڕای بەیعەتدان بە ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی، لە ژێر فەرمانی بەرزیی رێبەری نوێدا هەموو هەوڵ و تواناکان دەخەینەکار بۆ بە دیهێنانی خواستەکانی شۆڕشی ئیسلامی".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەیی ناوەندی خاتەمی ئەنبیا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی شارەزایان و هەڵبژاردنی رێبەری باڵای نوێی ئێران بە وەرچەرخانێکی مێژوویی ناوبراوە و ئاماژەیداوە، کە بابەتێکی پیرۆزە و جێگەی پێزانین و ستایشکردنە، هاوکات سەلماندنی زیرەکی و حیکمەتە.
ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رایگەیاند، بە گوێرەی مادەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەییان بە سێیەم رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران هەڵبژارد و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کرد، کە بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.