سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەیعەتی بە موجتەبا خامنەییدا

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە راگەیەنراوێکدا بەیعەتی بە رێبەرایەتیی موجتەبا خامنەیی وەکوو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دا.

لە راگەیەنراوەکەی قالیبافدا هاتووە، پەیڕەوی لەم وەلی فەقیهەی سەردەم هیچ جیاوازییەکی لە پەیڕەویی ئیمام خومەینی و ئیمام خامنەیی نییە و بە ئەرکی لێبراوی شەرعی و نیشتمانیی خۆمانی دەزانین.

ئاماژەی بەوەش داوە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بە باشترین شێوە و لە دۆخی دژواری شەڕدا لە خێراترین کاتی بەردەستدا ئەرکی خۆی بە ئەنجام گەیاند.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەمەولا ئەرکی هەموو بەرپرسان و خەڵکە بۆ پارێزگاری لە خوێنی شەهیدانی شۆڕش و پاراستنی ئامانجەکانی شۆڕش و بەهێزکردنی ئێرانی ئیسلامی لە دەوری ئەم تەوەرە پتەوە کۆ بینەوە و بە بەهێزی درێژە بە ڕێگای ئێمامانی شۆڕش بدەین و لاپەڕەیەکی دیکەی شکۆ و گەورەیی ئێرانی ئیسلامی هەڵدەینەوە.