ئێران هێرشیکردەوە سەر وڵاتانی کەنداو

هێزەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل، لە بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی کەنداویش بەردەوامە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی فرانس پرێس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، تەقینەوەیەکی بەهێز دەوحەی پایتەختی قەتەری هەژاند.

هەرچەندە هیچ زانیارییەک لە بارەی ئەو شوێنەی لە دەوحەی کراوەتە ئامانج ئاشکرا نەکراوە، بەڵام فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، بنکەی ئاسمانی شێخ عیسای کردووەتە ئامانج، بەڵام وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاندووە، پەرپەرچی هێرشێکی تێکەڵی مووشەک و درۆنی ئێرانیان داوەتەوە.

هەروەها وەزارەتی بەرگریی کوەیت رایگەیاند، درەنگانی شەوی یەکشەممە، ئێران هێرشێکی نوێی مووشەک و درۆنی کردووە، بەڵام سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچی هێرشەکە دراوەتەوە کە لەنێویاند حەوت مووشەکی بالیستی و کروز لەگەڵ پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراو بەکارهێنرابوون.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاندووە، هێزەکانی ئێران هێرشێکی درۆنیان کردووەتە سەر دوورگەی سیترا و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون، کە بە گوتەی نێردراوی ئاژانسی فرانس پرێس، دەنگی دوو تەقینەوەی بەرز لە بەحرەین بیستراوە.

بەهۆی درێژە کێشانی جەنگەکە و ئاڵۆزتربوونی دۆخی ناوچەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی کردووە، فەرمانبەرانی ناپێویست و ئەندامانی خێزانەکانیان هەرچی زووە شانشینی سعوودیە بەجێبهێڵن.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز کرایە ئامانجی هێرشێکی درۆنی بۆمبڕێژکراو، هاوکات باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کوێت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە ئامانجگیران.