پزیشکیان پیرۆزبایی لە موجتەبا خامنەیی دەکات
مەسعود پزیشکیان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موجتەبا خامنەیی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە مژدەی سەردەمێکی نوێی شکۆمەندی و دەسەڵاتە بۆ نەتەوەی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند: هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانەوە بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، نیشانەی ئیرادەی گەلە بۆ چەسپاندنی یەکێتیی نەتەوەیی، کە وەک "پەناگەیەکی تۆکمە" وڵات لە پیلانی نەیارانی دەپارێزێت.
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، ئەو دەستکەوتانەی لە سەردەمی رێبەری پێشوودا بەدەستهاتوون، بناغەیەکی بەهێزن بۆ ئەوەی ئێران لەژێر سایەی سەرکردایەتییەکی نوێدا بگاتە ئاسۆیەکی درەوشاوەتر لە رووی سەربەخۆیی، پێشکەوتنی زانستی و تەکنۆلۆژیا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆککۆماری ئێران هیوای سەرکەوتنی بۆ رێبەری نوێ خواست لە پاراستنی یەکگرتوویی و بنیاتنانی ئێرانێکی پێشکەوتوو و سەربەخۆ.