ترەمپ: بڕیاری کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە هاوبەشی لەگەڵ ناتانیاهۆ دەدرێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری کۆتایی بۆ راگرتن و کۆتاییهێنان بەو جەنگەی ئێستا لە دژی ئێران بەڕێوەدەچێت، بڕیارێکی هاوبەش دەبێت لە نێوان ئەو و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل"، ترەمپ جەختی کردەوە، هەماهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ هەیە و گوتی: "پێموایە ئەمە بڕیارێکی هاوبەشە، ئێمە بە بەردەوامی قسە دەکەین و لە کاتی گونجاودا بڕیارەکە دەدەم."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ناتانیاهۆ رۆڵی سەرەکی دەبێت لە دیاریکردنی کاتی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە ئەستۆی ئەو وەک سەرۆکی ئەمریکا دەبێت. ترەمپ گوتیشی: "ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە کارمان کرد بۆ لەناوبردنی وڵاتێک کە هەوڵی لەناوبردنی ئیسرائیلی دەدا."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک بەسەر دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران تێدەپەڕێت، کە لە 28ـی شوباتەوە دەستیپێکردووە. دیارترین ئەنجامی ئەو هێرشانە تا ئێستا، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
لە لایەکی دیکەوە، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند؛ واشنتن چاوەڕوان دەکات ئەم جەنگە لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەدا بخایەنێت و ئامانجە سەربازییەکانی بپێکێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، میدیاکانی ناوخۆی ئێران بڵاویانکردەوە "موجتەبا خامنەیی" کوڕی عەلی خامنەیی، وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی جێگەی باوکی بگرێتەوە. ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو گۆڕانکارییە سیاسییە نوێیەی ناو تاران، بە کورتی گوتی: "دەبینین چی روودەدات."