ناتۆ پشتڕاستی کردەوە توانیویانە مووشەکێک تێکبشکێنن، کە ئاراستەی تورکیا کرابوو
هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پشتڕاستی کردەوە کە مووشەکێکیان تێکشکاندووە کە بەرەو ئاسمانی تورکیا دەچوو. ئەمەش دووەمین مووشەکە ئاراستەی تورکیا دەکرێت لەوەتەی ململانێ و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە.
دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەلیسۆن هارت، گوتەبێژی ناتۆ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نووسیویەتی: ناتۆ جارێکی دیکە مووشەکێکی تێکشکاند کە ئاراستەی تورکیا کرابوو.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، گوتەبێژەکەی ناتۆ جەختی لە پابەندبوونی تەواوەتی هاوپەیمانێتییەکە کردەوە بۆ پاراستنی ئەندامەکانی و گوتی: ناتۆ بە شێوەیەکی پتەو لە ئامادەباشیدایە بۆ بەرگریکردن لە سەرجەم هاوپەیمانەکانی لە دژی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕوویان ببێتەوە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا بەهۆی ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییەوە رووی لە زیادبوون کردووە و ناتۆش چاودێرییەکی چڕی ئاسمانی ناوچەکە دەکات.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، مووشەکێکی بالیستی کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەی ئاسمانی وڵاتەکەیان کرابوو، لە لایەن سیستەمی بەرگریی هاوپەیمانیی ناتۆوە تێکشکێنرا و پارچەکانی لە سنووری شاری دیلۆکی باکووری کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە.