عێراق و میسر لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان هەردوو وڵاتدا رێک کەوتن

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی میسر لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و میسردا رێک کەوتوون؛ هاوکات سەرۆکی میسریش رەتکردنەوەی هەوڵەکانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداو دووپات کردەوە.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەییەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر گوتی: لەگەڵ سەرۆکی میسر ، لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان عێراق و میسردا رێک کەوتین. گوتیشی، لەگەڵ سەرۆکی میسردا پرسی ئاسایشی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و میسری بە دڵی نەتەوەی عەرەب ناو برد.

لە لای خۆیەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و میسر کرد و گوتی: بایەخی بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ عێراق دووپات دەکەینەوە، هەروەها هەوڵەکانی زیانگەیاندن بە ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداو رەتدەکەینەوە. سیسی باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقدا پرسی یەمەنیشیان تاوتوێ کردووە.

پێشتریش نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردبووەوە کە عەلی فالح زەیدی لە کۆشکی ئیتحادییە لە قاهیرە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی کۆ بووەتەوە و پێکەوە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوئاهەنگیی هاوبەشیان لە دۆسیە و پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی جێی بایەخی هەردوولادا تاوتوێ کردووە.