راوێژکاری ئەڵمانیا: ئەوروپا بۆ دانوستان لەگەڵ رووسیا ئامادەیە
راوێژکاری ئەڵمانیا و سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە بەرلین، سەرنجیان خستە سەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتی، بەرگریکردن لە خاکی هاوپەیمانییەکە و بەردەوامیی پشتیوانیی سەربازی بۆ ئۆکرانیا.
دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، رایگەیاند، ئەوروپا ئامادەیە دانوستان لەگەڵ رووسیا بکات و گوتی: بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا گفتوگۆکانی ئاشتی لەسەر ئاستی راوێژکاران بە بەشداریی ئۆکرانیا، رووسیا، ئەوروپا و ئەمەریکا دەستپێ بکەنەوە و رەنگە ئەم گەڕەی گفتوگۆکانیش جارێکی دیکە لە ئەبوزەبی بەڕێوە بچێت.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ئەوروپا و پێشهاتەکانی پۆڵەندا، راوێژکاری ئەڵمانیا جەختی کردەوە، پۆڵەندا دەتوانێت پشت بە هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی ئەوان ببەستێت و رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات، ناتۆ بەرگری لە هەموو بستێکی خاکی ناو هاوپەیمانییەکە دەکات.
مێرتز ئاوڕیشی لە بڕیاری لووتکەی ناتۆ لە بوخارێست لە ساڵی 2008 دایەوە و بە هەڵەیەکی مێژوویی ناوی برد و گوتی: "ئەمڕۆ هەمووان دەبینین چ هەڵەیەک بوو کە لە ساڵی 2008دا بەدەم پێشنیازەکەی ئەمەریکاوە نەچووین بۆ وەرگرتنی ئۆکرانیا لە ناتۆ؛ ئەگەر ئەوکات ببووایەتە ئەندام، ئەگەری زۆر بوو رێگری لە هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بکرایە."
لە لایەکی دیکەوە، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە هێزەکانی ناتۆ لەوێ شەڕ ناکەن، بەڵام بە پشتیوانیی سەربازیی ئەوان، ئۆکرانیا توانیویەتی بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێز بەرانبەر هێرشەکانی رووسیا نیشان بدات.
رووتە داوای هێمنبوونەوە و بەردەوامیی پشتگیرییەکانی کرد و گوتی: گرنگترین شت بەردەوامبوونی پشتیوانییە بۆ ئۆکرانیا؛ لە بەرانبەر هەر رووداوێک لە ئەوروپا، دەبێت پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاد بکرێن نەک کەم بکرێنەوە، ئەوە باشترین وەڵامە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئامارێکی لەبارەی زیانە گیانییەکانی رووسیا لە بەرەکانی جەنگدا خستەڕوو و ئاشکرای کرد، ئێستا ئۆکرانیا مانگانە لە نێوان 40 بۆ 50 هەزار سەربازی رووسی دەکوژێت یان بە سەختی برینداریان دەکات. ئەو ژمارەیەشی بە جەنگی ڤێتنام بەراورد کرد کە تێیدا ئەمەریکا لە ماوەی 14 ساڵدا 56 هەزار سەربازی لەدەست دا.
چوارشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانە سێقۆڵییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات بەڕێوەچوو؛ هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی گەورەترین پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە مێژووی جەنگەکەدا، هاوکات دوای کۆبوونەوەکە دوێنێ شاندی نێوەندگیری ئەمەریکا بە مەبەستی درێژەدان بە هەوڵەکان چوونە مۆسکۆ و کێیڤ.