جێگرەکەی ترەمپ لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆ بایدن ئامادە دەبێت
چاوەڕوانی بانگهێشتنامە بوو

K24 - هەولێر
جێگری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 20ـی ئەم مانگە، لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا ئامادە دەبێت.
سی ئێن ئێن، لە زاری سەرچاوەیەکییەوە رایگەیاند مایک پێنس، جێگری دۆناڵد ترەمپ بەشداری لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆ بایدن دەکات، بەڵام چاوەڕێی بانگهێشتنامەی دەکرد.
دەنگۆی بەشداریکردن لە مەراسیمی سویندخواردنەکە، تەنیا یەک رۆژ لەدوای ئەوە هات، کە پێنس بەپێچەوانەی ویستەکانی ترەمپ، بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆنگرێس کرد بۆ پەسەندکردنی سەرکەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.
پێنس، فشارێکی زۆری لەلایەن ترەمپ و لایەنگرەکانی لەسەر بوو بۆ ئەوەی بەهەر شێوازێک بێت، رێگربێت لە پەسەندکردنی ژماردنی دەنگەکان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لە کۆنگرێس، بەڵام بەپێی سی ئێن ئێن، ئەو بە ترەمپی گوتبوو لە توانایدا نییە ئەمە بکات.
لەکاتێکدا لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو کۆنگرێس لە کۆبوونەوەدابوو، لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، بەمەش پێنس و خێزانەکەی ناچاربوون باڵەخانەی کاپیتۆڵ جێبهێڵن.
رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، رایگەیاند خۆشحاڵ دەبێت بە ئامادەبوونی مایک پێنس لە مەراسیمی سوێندخواردنەکەی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێش ئەوەی تویتەر بەیەکجاری ئەکاونتەکەی ترەمپ بسڕێتەوە، لە تویتەرەوە رایگەیاندبوو لە مەراسیمی سوێندخواردنی جۆو بایدن ئامادە نابێت، بایدنیش لە وەڵامدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی "ئامادەنەبوونی لە مەراسیمەکە، یەکێکە لەو بڕیارە کەمانەی ترەمپ، کە لەماوەی سەرۆکایەتییەکەی پێی رازی بم".