کۆنگرێسی ئەمەریکا سەرکەوتنی جۆ بایدنی پەسەند کرد

کۆنگرێسی ئەمەریکا سەرکەوتنی جۆ بایدنی پەسەند کرد
كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا
كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا

K24 - هەولێر

کۆنگرێسی ئەمەریکا چەند خولەکێک پێش ئێستا بردنەوەی جۆ بایدنی بە 306 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن پەسەند کرد.

لە هەڵبژاردنی 3ـی نۆڤەمبەری 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان 306 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە، دۆناڵد ترەمپیش 232 دەنگی بەدەستهێناوە، بە پەسەندکردنی ئەم ئەنجامەش لەلایەن کۆنگرێس، جۆ بایدن لە 20ـی ئەم مانگە دەبێتە 46ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا.

کۆنگرێسی ئەمەریکا پێکدێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران، کە لەنێو باڵەخانەی کاپیتۆڵن، ئەو شوێنەی پێش چەند کاتژمێرێک لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەری.

رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەکۆبوونەوەدابوون کاتێک لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆبوونەوە هاوبەشەکە بۆ رێگریکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی سەرۆک ترەمپ و هێزە ئەمنییەکان روویدا.

هێزە ئەمنییەکان بە چوار کاتژمێر، توانیان باڵەخانەی کاپیتۆڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵام لەو ناوەندەدا ژنێکی لایەنگری ترەمپ بە گوللـە کوژرا. هەر لە ئەنجامی ئەو رووداوانەش، چوار بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ دەستیان لەکارکێشایەوە، ترەمپیش هەر سوورە لەسەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی لێ دزراوە.