سوودانی بۆ روبیۆ: عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە و باڵیۆزخانەی وڵاتان

سودانی و روبیۆ پرسی ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوتیان تاوتوێ کرد و سوودانی پابەندیی تەواوی حکوومەتەکەی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، نوسینگەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشت. لە میانی پەیوەندییەکەدا پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.

ئاماژەی بەوە کراوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی پەیوەندییەکەدا جەختی لە پابەندیی تەواوی حکوومەتەکەی کردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان لەسەر خاکی عێراق، کە پاراستنی ئەو ناوەندانە لە ناوەڕۆکی ئەرک و فەرمانەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە.

سوودانی جەختی کردەوە کە هەموو دەسەڵاتەکان و هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان هاوران لەسەر ئەوەی عێراق نەخرێتە ناو ململانێ سەربازییەکان، هاوکات پێشێلکردنی ئاسمانی وڵات لەلایەن هەر لایەنێکەوە بێت بە توندی ڕەت دەکرێتەوە.

هاوکات لەلای خۆیەوە تۆمی پیگۆت جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی دا، دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کردووە کە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانی لە ناوخۆی عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێن.