مارکۆ روبیۆ: سەرکۆنەی هێرشی گرووپە تیرۆرستییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەین
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. هاوکات جەختی لە پێویستیی پاراستنی دیپلۆماتکار و دامەزراوە ئەمریکییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
تۆمی پیگۆت جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی دا، دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن قسەی کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو پەیوەندییەدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کردووە کە لەلایەن ئێران و گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانی لە ناوخۆی عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجام دەدرێن.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەیاندا، هەر دوو لا جەختیان لە گرنگیی رۆڵی بەغدا کردووەتەوە و دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق سەرجەم رێکارە پێویستەکان و هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتیی کارمەندە دیپلۆماسییەکان و دامەزراوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو وڵاتەدا.