بۆ یەكەمجار..  كچێكی كریستیان لە زاخۆ دەبێتە سەرۆكی شارەوانییەک

قایمقامی زاخۆ: وەکو حکومەت، هەرگیز جیاوازیمان نەکردووە  

ماردین حیکمەت، سەرۆکی شارەوانیی ئیبراهیم خەلیل
ماردین حیکمەت، سەرۆکی شارەوانیی ئیبراهیم خەلیل

K24 - زاخۆ 

ماردین حیکمەت، یەکەم کچە لە سنووری زاخۆ دەبێتە سەرۆکی شارەوانییەک، ئەو لەدایکبووی ساڵی 1989ـیە، مەسیحیی کلدانییە و ئەندازیارە.

ماردین چەند ساڵێک لە پۆستی جیاجیا کاری کردووە و ئێستا بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ئبیراهیم خەلیل لە ناحیەی رزگاری دەستنیشانکراوە.

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ماردین باس لەوە دەکات "من مەسیحیی گوندی پێشخابوورم، لە زانکۆی دهۆک ئەندازیاریی شارستانیم خوێندووە".

ماردین ماوەی حەوت ساڵ وەکو بەرپرسی بەشی ئەندازیاریی پۆلیسی هاتووچۆ کاریکردووە و ئێستاش بووەتە بەڕێوەبەری شارەوانیی ئیبراهیم خەلیل، دەڵێ "پەنا بە خوا کەمتەرخەمیم نابێت بەرامبەر خەڵک".

هاوشێوەی پێکەوەژیانی هەموو نەتەوە و ئایینەکان لە زاخۆ، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هیچ جیاوازییەک لە پێدانی پۆستە حکومییەکان لە سنووری زاخۆ نەکراوە.

بۆتان موحسین، قایمقامی زاخۆ دەڵێ "ئێمە وەکو حکومەت هەرگیز جیاوازیمان نەکردووە، بۆ نموونە سەرۆکی شارەوانیی رزگاری (ماردین حیکمەت) هەم کچە و هەم کریستیانە، بەڕێوەبەری کارەبای زاخۆ ئەرمەنە، بەڕێوەبەرێکی دیکەش ئەرمەنە و سەرۆکی شارەوانیی بێرسڤیش کریستیانە".
  
زاخۆ بە نموونەیەک دادەنرێت لە پێکەوەژیانی ئایینەکان، خەڵکانی: موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی و کلدو سریان، ئاشوور و ئەرمەن بەیەکەوە تێیدا دەژین و هەمووشیان هاوشێوەی یەکدی مافەکانیان پارێزراوە.

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment