وەزیری جەنگی ئەمریکا: ئەمڕۆ هێرشی چڕتر دەکەینە سەر ئێران
ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ هێرشی چڕتر دەکەینە سەر ئێران.
پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن، هێرشێکی توندی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئامانجەکانی داهاتووی واشنتنی دژی تاران ئاشکرا کرد.
لە میانی کۆنگرەکەدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی ئێران بە تەواوی لەناوبەرن، ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا توانای تاران بۆ هەڵدانی مووشەک بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بنکە مەدەنییەکانی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ هەڵدانی مووشەک بەکاردەهێنێت و بە ئەنقەست هاووڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، هەروەها هەڕەشەی توندی لە تاران کرد و جەختی کردەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان لە ئێستا بریتییە لە لەناوبردنی یەکجاریی هێزی دەریایی ئێران.
وەزیری جەنگی ئەمریکا دۆخی ئێستای ئێرانی بە پەراوێزخراو و لاواز وەسف کرد و گوتی: "ئێستا ئێران بە تەنیا ماوەتەوە." دەشڵێت، هێرشەکانی ئەمڕۆیان بۆ سەر ئێران لە هەموو هێرشەکانی پێشوو توندتر دەبن، جەختیش دەکاتەوە، ئەمریکا لە رێگەی باڵادەستیی هێزی ئاسمانی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ترەمپ سەرکەوتن بەسەر ئەو وڵاتەدا بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە بەرنامە ناوەکییەکەی تاران، پیت هێگسێت ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان کێبڕکێیان لەگەڵ کاتدا دەکرد بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و دەیانویست جیهان وەک بارمتە بگرن، گوتیشی، "ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە بەوپەڕی توندییەوە ڕێگری بکەین لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
سەبارەت بە ئامانجە سەربازییەکان لە ناوخۆی ئێراندا، وەزیرەکەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئامانجیان لەناوبردنی تەواوەتیی موشەکەکانی ئێران و ژێرخانی پیشەسازییە سەربازییەکەیەتی، وێڕای ئەوەی کە لەناوبردنی هێزی دەریایی ئێرانیش یەکێکی دیکەیە لە ئامانجە ستراتیژییەکانیان.