سوپای پاسداران: 10 کەسمان بە تۆمەتی هاوکاریی دوژمن دەستگیر کرد

رێکخراوی هەواڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دەستگیرکردنی 10 کەسی راگەیاند، کە تۆمەتبارن بە وێنەگرتنی شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی ئیسرائیل و ناردنیان بۆ دەزگا راگەیاندنەکان.

سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، رێکخراوی هەواڵگری سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی "نیشتمانفرۆشی و هاوکاری"ـی دوژمن راگەیاند.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: " تا ئێستا 10 کەس لە دارودەستەی دوژمن دەستگیر کراون، کە هەستابوون بە وێنەگرتنی ئەو شوێنانەی کرابوونە ئامانج و ناردنی ڤیدیۆکان بۆ میدیاکانی دوژمن، وە ئەم پرۆسەیەش بە خێرایی بەردەوام دەبێت".

ئاماژە بەوەش کراوە کە، "ئەم کەسانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دوژمن، پێش هێرشەکان، لە کاتی هێرشەکان و پاش کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکانی دوژمن، ڤیدیۆ و وێنەی شوێنەکان و ئامانجەکانیان تۆمار کردووە".

سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی داوە و دەڵێت: "پێویستە بگوترێت کە بەپێی یاسای رووبەڕووبوونەوەی کردەوە دوژمنکارانەکانی ئیسرائیل، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دوژمن (لەوانەش تۆمارکردن و ناردنی ڤیدیۆ و وێنە) بە کردەوەیەکی تاوانکاری هەژمار دەکرێت، و لە کاتی جەنگدا بە پێی یاسا مامەڵە لەگەڵ بکەرەکانیدا دەکرێت".

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.