ئیمارات پشتیوانیی خۆی بۆ سەقامگیریی و ئارامیی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیماراتی لە هەولێر کرد و داوای هەڵوێستی جیددی و بە پەلەی لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، گفتوگۆیان لە بارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و هێرشەکەی سەر شاری هەولێر کرد.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە شەوی رابردوو لە لایەن گرووپە لە یاسادەرچووەکانی عێراقەوە کرایە سەر شاری هەولێر، کە تێیدا کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گیرا و بەو هۆیەوە زیانی ماددیی بەرکەوت.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە؛ پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆی لە پاراستنی گیان و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا دەبێت هەنگاوی جدددی و کرداری بنێت بۆ رێگریکردن لەو گرووپانە و، دەستگیرکردن و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تێکدەرانەیە، کە بوونەتە هەڕەشە و مەترسییەکی راستەقینە بۆ سەر سەروەری و سەقامگیریی عێراق بەگشتی.
لای خۆیەوە، شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پەیوەندییەکە و هەڵوێستەکەی نێچیرڤان بارزانی دەربڕی.
هاوکات جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی کردەوە لە بەردەوامبوونی پشتگیرییەکانی دەوڵەتی ئیمارات بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندبوو، کاتژمێر 10:24ـی شو، هێزەکانی هاوپەیمانان سێ درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە.
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، پارچە و پاشماوەی یەکێک لە درۆنە تێکشکاوەکان لە نزیک کونسوڵخانەی ئیمارات کەوتە خوارەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.