پێنتاگۆن: نزیکەی 140 سەربازمان لە جەنگی ئێراندا بریندار بوون
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ یەکەمجار ئاماری زیانە گیانییەکانی هێزەکانی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە تا ئێستا نزیکەی 140 سەربازیان بریندار بوون. هاوکات جەخت لە چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای مووشەکیی تاران دەکاتەوە.
سێشەممە 10ـی ئاداری 2026، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن وردەکاریی زیانەکانی سوپای ئەمریکای خستەڕوو و رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 140 سەربازیان بریندار بوون. هاوکات جەخت لە چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و کەمبوونەوەی بەرچاوی توانای مووشەکیی تاران دەکاتەوە.
گوتیشی: زۆرینەی برینەکانی سەربازەکانمان سووک بوون، بە جۆرێک 108 سەرباز دوای وەرگرتنی چارەسەر، پێشتر گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکەکانیان. سەبارەت بە بریندارە سەختەکانیش ئاماژەی بەوە کرد: هەشت سەرباز هێشتا لە لیستی بریندارە سەختەکاندان و بەرزترین ئاستی چاودێریی پزیشکییان پێشکەش دەکرێت.
سەبارەت بە ئاماری کوژراوەکانیش، سوپای ئەمریکا پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە لە قۆناغەکانی سەرەتای ململانێکان و بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە، حەوت سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە، کە شەشیان لەناو خاکی کوێت و یەکێکیان لە سعوودیە بووە.
ئەم ململانێیە سەربازییە لە 28ی شوباتەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە، کاتێک هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەرفراوان و چڕیان دژی ئێران دەستپێکرد. لە بەرانبەردا، تاران بە شەپۆلێک لە هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) وەڵامی دایەوە و ئەو وڵاتانەی ناوچەکەی کردە ئامانج کە میوانداریی هێزەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە و سەبارەت بە گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی جەنگەکە، پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، گورزە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکانیان لە ناوخۆی ئێران چڕتر بوونەتەوە، لە کاتێکدا قەبارەی هەڵدانی درۆن و مووشەکەکان لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو و خێرا کەمی کردووە.