یەحیا رەسووڵ: لە ئەمڕۆوە هیچ سەربازێکی هاوپەیمانان لە عێراقدا نامێنێت

وەزارەتی بەرگریی عێراق بە فەرمی دووپاتی کردەوە، لە دوای 30ـی ئەیلوولەوە هیچ سەرباز و ئەندامێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا نامێنن، هاوکات رایدەگەیەنێت تەواوی ئەرکە ئاسمانی و زەمینییەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێن.

یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "دوای ئەمڕۆ 30ـی ئەیلوولی 2026، هیچ ئەندام و سەربازێکی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو خاکی عێراقدا نامێننەوە و پرۆسەی کشانەوەی تەواوەتیشیان بەرهەمی هەوڵە بەردەوام و گەورەکانی حکوومەت و سوپای عێراقە."

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کرد، سەرجەم فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لە بنکەی سەربازیی "ڤیکتۆریا" لە فڕۆکەخانەی بەغدا کشاونەتەوە و ئێستا سوپای عێراق بنکەکە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی نیشتمان و ئاسمانی وڵات بەکاردەهێنێت.

یەحیا رەسووڵ جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم هێڵەکانی سنوور بە نوێترین تەکنۆلۆژیا و کەرەستەی سەردەمیانە تۆکمە کراون، هاوکات فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی عێراق بە شێوەیەکی سەربەخۆ سەرپەرشتی و جێبەجێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی پاشماوەکانی تیرۆر لە ئەستۆ دەگرن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری سەرنجی خستە سەر پێشکەوتنی بەرچاوی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گەندەڵیدا و وەبیریهێنایەوە، کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی پێشووی داعش لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییە وردەکانی عێراق ئەنجامدرا.

یەحیا رەسووڵ دووپاتی کردەوە، لەم قۆناخە نوێیەدا تەواوی جڵەوی دۆسیەی ئەمنی لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نیشتمانییەکانی عێراقدایە و سەروەریی یاسا بەسەر هەموواندا دەچەسپێت و "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نابێت."