مازن غەریب: سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق خۆی دێتە پردێ بۆ داوای لێبوردن و سزادانی کەمتەرخەمان

"دوو لیژنەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی کوشتنی محەممەد هێمن رەوانەی پردێ دەکرێن"

دوای چەندین کاتژمێر لە داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکووک لە شارۆچکەی پردێ، بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کەیسی شەهیدکردنی گەنجێک بە ناوی محەممەد هێمن، رێگاکە بە هەردوو ئاراستەدا بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق و فەرماندە ئەمنییەکان چوونە نێو خۆپیشاندەران و بەڵێنی گەیشتنی دوو لیژنەی باڵا و دادگاییکردنی تاوانبارانیان پێدان.

بەرەبەیانی چوارشەممە، 30ی ئەیلوولی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە پردێ رایگەیاند، پاش پێدانی بەڵێنی فەرمی لەلایەن نوێنەرانی پەرلەمان و فەرماندە سەربازییەکان بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە سبەینێدا، خۆپیشاندەران رەزامەند بوون لەسەر کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان و ئێستا هەردوو سایدی شەقامی سەرەکیی (هەولێر – کەرکووک) لە سنووری پردێ کراوەتەوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل ئاسایی بووەتەوە.

مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، لەنێو خۆپیشاندەرانی پردێ لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرای کرد، لەسەر ئەم رووداوە لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دادی عێراق پەیوەندی کراوە و بڕیار دراوە سبەی دوو لیژنەی باڵا بگەنە پردێ.

ناوبراو روونی کردەوە: "لیژنەی یەکەم لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەبێت و لیژنەی دووەمیش بە سەرۆکایەتیی خودی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەگاتە ناوچەکە؛ سەرۆکی دژەتیرۆر خۆی دێت بۆ داوای لێبوردن لە کەسوکاری شەهیدان و قەرەبووکردنەوەیان، هاوکات بۆ سزادانی هەموو ئەو کەسانەی لەو فەوجەدا کەمتەرخەم بوون و دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک راپۆرتێکی وردی لەسەر کەمتەرخەمی و سەرپێچیی ئەو هێزە ئاراستەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کردووە، جەختیشی کردەوە کە چاودێریی وردی دۆسیەکە دەکەن تا سزادانی تەواوی تاوانباران.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مازن غەریب سەرنجی خستە سەر دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و دووپاتی کردەوە کە پێویستە بۆشایی ئەمنیی سنووری پردێ، دوبز و کەرکووک بە هێزی هاوبەش پڕبکرێتەوە؛ بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کار بۆ جێگیرکردنی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکەدا بکەن، تاوەکو رێگری لە هەر گرژی و پێشێلکارییەکی هاوشێوە لە داهاتوودا بکرێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان لە کۆتاییدا بەڵێنی دا ئەگەر لیژنەکان بەڵێنی خۆیان جێبەجێ نەکەن، ئەوا خۆی بەشداریی خۆپیشاندانەکان دەکات

لە میانی ئامادەبوونی لەنێو خۆپیشاندەراندا بە مەبەستی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان، فەرماندەی فیرقەی سوپای عێراق لە ناوچەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان راستەوخۆ چاودێریی ئەم دۆسیەیە دەکات. کەسوکاری قوربانییەکە سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە و ئێمەش بە وردی بەدواداچوونی بۆ دەکەین، دڵنیاتان دەکەینەوە خوێنی رۆڵەکانتان بەفیڕۆ ناچێت و ماف دەگەڕێتەوە بۆ خاوەن ماف."

ئەو فەرماندە سەربازییە داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکاربن بۆ کردنەوەی شەقامەکە و ئاشکرای کرد کە بڕیارە سبەی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بگاتە پردێ تاوەکو ڕاستییەکان ساخ بکاتەوە و رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە بکرێت.

لە بەرامبەردا، بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکە ڕەخنەی توندیان لە بەکارهێنانی چەکی راستەوخۆ دژی هاووڵاتییانی مەدەنی گرت و رایانگەیاند، چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە لایەنە ئەمنییەکان دەکەن نەک تەنیا بەڵێنی زارەکی.

خۆپیشاندەرانی پردێ جەختیان لەوە کردەوە کە تاوەکو تەقەکەران و ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی گەنجەکاندا هەبووە بە فەرمی دەستگیر نەکرێن و رادەستی دادگا نەکرێن، لەسەر شەقام دەمێننەوە و رێگەی سەرەکی ناکەنەوە.